شەممە. ئازار 14th, 2026

خانەنشینی پێشمەرگە و هاوکاری دارایی هاوپەیمانان دابەش دەکرێت

سەیرکراوە: (1.5K)

هاوکات لەگەڵ دابەشکردنی هاوکارییە داراییەکەی هاوپەیماناندا، خانەنشینی ئەو پێشمەرگانەش دابەش دەکرێت کە ئەمساڵ خانەنشین بوون.

وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند، لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیار درا کێشەی مووچەی ئەو ئەفسەر و پلەدار و پێشمەرگانەی لە 2025/1/1 بە دواوە خانەنشین بوون و مووچەیان لەلایەن حکومەتی فیدرالەوە خەرج نەکراوە چارەسەر بکرێت.

ڕوونیشیکردەوە کە سەرۆکی حکومەت، وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕاسپارد، ئەمڕۆ پێنجشەممە، مووچەیەکیان وەک پێشینە لە سەر داهاتی ناوخوی هەرێم بۆ خەرج بکات و بە زووترین کاتیش چارەسەری ئەم بابەتە بکرێت.

بە پێی ڕاگەیەندراوێکی دیکە وەزارەتی پێشمەرگە، ئەمڕۆ دەستدەکرێت بە دابەشکردنی هاوکاریی دارایی هاوپەیمانان بۆ مانگی 10.

لای خۆشیەوە وەزارەتی داراییش ڕایگەیاند کە ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی، بەڕێوبەرایەتی گشتی ژمێرکاری و گەنجینەکان و بانکەکانی ڕاسپارد ئەمڕۆ سەرجەم ڕێکارەکان تەواو بکەن و مووچەیەکیان بۆ خەرج بکرێت.

هاوکات بەڕێوبەرایەتی خانەنشینی لە وەزارەتی پێشمەرگەو بەڕێوبەرایەتی گشتی خانەنشینی لە وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕاسپێردران بە زووترین کات دۆسیەی سەرجەم ئەو پێشمەرگەو ئەفسەرو پلەدارانە تەواو بکەن کە بڕیاری خانەنشینبونیان بۆ دەرچووە.

وەزارەتەکە ئەوەشی خستەڕوو کە لەم مانگەدا، زیاتر لە (97٪)ی ئەفسەر و پلەدار و پێشمەرگە لەڕێگەی پڕۆژەی هەژماری من هاوکاری هاوپەیمانان وەردەگرن، ئەوانەی تریش لە رێگەی سیستەمی بانکیەوە هاوکارییەکان وەردەگرن.

پۆستى تر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 43 Today: 227 📊 Click Here