هەینی. ئازار 6th, 2026

پەرلەمانێکی داخراو، حکومەتێکی ماوە بەسەرچوو

سەیرکراوە: (17.1K)

جێگر سەلێمان ساڵح

لە ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ەوە تاکو ئێستا کە ساڵی ٢٠٢٦دا، کوردستان لە قەیرانێکی سیاسی و دەستوورییەکی گەورەدایە کە کەس نایزانێت کۆتاییەکەی کەی دێت! هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان ئەنجام درا، خەڵک دەنگیان دا، ئەنجامەکان ڕاگەیەندران، بەڵام دوای زیاتر لە ١٥ مانگ هێشتا پەرلەمان بە واتای ڕاستەقینە نەکراوەتەوە و هێشتا حکومەتی نوێ دامەزراوە نییە! ئەمە نەک تەنها شکستی سیاسییە، بەڵکو تاوانێکە دژ بە خەڵکی کوردستان کە دەنگیان دا و ئومێدیان بە گۆڕانکاری هەبوو!

دوای هەڵبژاردنەکانی ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، ئەو ئەندامانەی هەڵبژێردران دەبووایە کۆببنەوە و پەرلەمان بە فەرمی بکەنەوە و دەست بە کارکردن بکەن. دەبووایە سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێردرابایە، دەبووایە لیژنەکان پێکهاتبایەن، دەبووایە یاساکان دەستیان پێبکردبایە! بەڵام چی ڕوویدا؟ هیچ! پەرلەمان تەنها چەند کۆبوونەوەیەکی فەرمی هەبوو بۆ سوێندخواردنی ئەندامان، پاشان وەک کەسێک چووەتە خەو و هەرگیز هەڵنەستێتەوە !

ئێستا لە مانگى ٢ داین ، پەرلەمان بە واتای ڕاستەقینە کارناکات. هیچ یاسایەک دەرنەچووە، هیچ بڕیارێکی گرنگ نەگیراوە، هیچ لیژنەیەک بە دروستی کارناکات! پەرلەمان بووەتە شوێنێک کە ئەندامانی تەنها دەچن و مووچە وەردەگرن، بەڵام هیچ کارێک ناکەن بۆ خەڵک! ئایا ئەمە ئەو پەرلەمانەیە کە خەڵک دەنگیان بۆ دا؟ ئایا ئەمە ئەو نوێنەرایەتییەیە کە بەڵێنی دراوە؟

بۆچی پەرلەمان ناکرێتەوە؟ چونکە حزبە سیاسییەکان نەیانتوانیوە لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان ڕێک بکەونەوە! هەریەکەیان دەیەوێت پۆستی زیاتر ببێت، هەریەکەیان دەیەوێت کۆنترۆڵی زیاتر هەبێت! بۆیە مشتومڕ و ناکۆکی بەردەوامە و پەرلەمان لە بەندایە، لە کاتێکدا خەڵک چاوەڕوانی یاسا و بڕیارن کە ژیانیان باشتر بکات!

گرفتی گەورەتر لەوەدایە کە دوای ١٥ مانگ لە هەڵبژاردنەکان، هێشتا حکومەتی نوێ دامەزراوە نییە! ئەمە ماوەیەکی زۆر دوورە، ماوەیەکە کە تێیدا وڵاتێکی تەواو دەتوانێت بەڕێوە ببرێت و پڕۆژەی گەورە ئەنجام بدرێت! بەڵام لە کوردستاندا، ئەم ماوەیە بەسەر چووە بە مشتومڕ و دانوستانی بێئەنجام لەسەر کێ دەبێتە سەرۆک وەزیران و کێ چ وەزارەتێک وەردەگرێت!

پەرلەمانێکی داخراو و حکومەتێکی ماوە بەسەرچوو لە ماوەی ١٥٫ مانگدا تاوانێکە دژ بە خەڵکی کوردستان! ئەمە نیشانی شکستی گەورەی سیستەمی سیاسی ئێمەیە، نیشانی ئەوە کە حزبە سیاسییەکان زیاتر بیریان لە دەسەڵاتە لە خزمەتکردن! ئەمە نیشانی ئەوە کە مەشرووعیەتی ئەم هەڵبژاردنە لەدەست چووە و پێویستە یان دەستبەجێ پەرلەمان بکرێتەوە و حکومەت دابمەزرێت، یان هەڵبژاردنی نوێ ئەنجام بدرێت!

خەڵکی کوردستان شایستەی باشترە! شایستەی پەرلەمانێکی کارایە کە یاسا دەردەکات و بەرژەوەندی خەڵک دەپارێزێت! شایستەی حکومەتێکی بەتوانایە کە کێشەکان حەل بکات و خزمەتگوزاری دابین بکات! بەڵام ئەمە تەنها کاتێک ڕوودەدات کە خەڵک هەستێت و بڵێت “بەسە” و ڕێگا نەدات بە سیاسییەکان کە بەردەوام بن لە یاریکردن بە چارەنووسی ئەوان!

کاتی ئەوە هاتووە کە دەنگی خەڵک بەرز بکرێتەوە و داوا بکرێت یان پەرلەمان دەستبەجێ بکرێتەوە و حکومەت دابمەزرێت، یان ئەم هەڵبژاردنە هەڵبوەشێتەوە و هەڵبژاردنی نوێ ئەنجام بدرێت! چونکە خەڵک ناتوانێت زیاتر چاوەڕوانی بکات، ناتوانێت زیاتر بەرگەی ئەم یارییە سیاسییانە بگرێت!

پۆستى تر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 146 Today: 1,650 📊 Click Here