ئەنجومهنی باڵای فهتوا لە كوردستان داوا دەكات پاره تهسلیم به هیچ دهزگا و رێکخراوێک نەكرێت بۆ ئەنجامدانی قوربانی، چونکە عیبادەتێکی سەربەخۆیە و دەشڵێت، “کەس قوربانی نەباتە دەرەوەی کوردستان، بەتایبەت کە ئەمساڵ هەژاری و نەدارییەکی زۆر هەیە لە باشوری کوردستان و تێکڕای پارچە دابڕاوەکانی تریش”.
ئەنجومهنی باڵای فهتوا لە كوردستان لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت، ئەنجامدانی قوربانی سوننەتێکی گەورە و خێرێکی نەبڕاوەیە. کاتی سەربڕین لە دوای نوێژی جەژنی قوربانەوە دەستپێدەکات تا ئاوابونی خۆری رۆژی چوارەمی جەژن، کە لە هەمو کاتەکانی ئەو چوار رۆژەدا (شەو یان رۆژ) ئەنجامدانی دروستە.
سەبارەت بە مەرجەکانی ئاژەڵەکە؛ پێویستە مەڕ و بزن بۆ یەک کەس بن و ڕەشەوڵاخ بۆ حەوت کەس، بە مەرجێک تەمەنی شەرعییان تەواو کردبێت و لە عەیب و نەخۆشی و لاوازیی توند بەدور بن. هەروەها چونکە سوننەتێکی کیفائییە، دروستە سەرۆکی خێزان یەک قوربانی بکات و پاداشتەکەی بۆ تەواوی ئەندامانی خێزانەکەی بێت.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، بۆ ئەو کەسانەی لە حەجن یان لە دەرەوەی وڵات دەژین، باشتر وایە لە ڕێگەی بریکارەوە قوربانییەکەیان لە ناوخۆی کوردستان ئەنجام بدەن. بەپێی مەزهەبی شافیعی، گواستنەوەی قوربانی لە وڵات یان شارێکەوە بۆ شوێنێکی تر دروست نییە، مەگەر بۆ حاڵەتی زۆر پێویست و هەژاریی زیاتر، یان بۆ لای خزمە هەژارەکان بێت.
لە ڕووی دابەشکردنەوە ئەنجومهنی باڵای فهتوا دەڵێت، قوربانی نەزر و وەسێتی مرد و تەنها بۆ هەژارانە، بەڵام قوربانی سوننەت خاوەنەکەی و دەوڵەمەندانیش دەتوانن لێی بخۆن.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكەی ئەنجومهنی باڵای فهتوا لە هەرێم، باش وایە پاره تهسلیم به هیچ دهزگا و رێکخراوێک نەكرێت بۆ ئەنجامدانی قوربانی، چونکە عیبادەتێکی سەربەخۆیە، خێرتر وایە کەسەکان بۆ خۆیان ئەنجامی بدەن.
دەشڵێت، “داواکارین کەس قوربانی نەباتە دەرەوەی کوردستان، بەتایبەت کە ئەمساڵ هەژاری و نەدارییەکی زۆر هەیە لە باشوری کوردستان و تێکڕای پارچە دابڕاوەکانی تریش”.
لە کۆتاییدا جەخت دەکرێتەوە کە باشترە خاوەن قوربانی ئامادەی سەربڕینەکە بێت و پێویستە ڕێنماییە تەندروستییەکان و پاکوخاوێنی لە کوشتارگەکاندا بەتەواوی ڕەچاو بکرێن بۆ پاراستنی بەرژەوەندی گشتی.














Leave a Reply