ھەولێر لە لووتکەیەکی نێودەوڵەتیی ئابووری بەشداری دەکات

سەیرکراوە: (17)

لە ھەنگاوێکی نوێدا بۆ بەھێزکردنی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکان لە ئاستی ناوچەییدا، شاری ھەولێر ئامادەی میوانداریی لووتکەیەکی نێودەوڵەتییە کە کۆمەڵێک بازرگان و وەبەرھێنەر لە ھەرێمی کوردستان، تورکیا و ئازەربایجان کۆدەکاتەوە. چاوەڕوان دەکرێت ئەم ڕووداوە ببێتە سەرەتای قۆناغێکی نوێ لە پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکان و دروستکردنی دەرفەتی تازە بۆ کاری وەبەرھێنان و بازرگانی.

بەپێی زانیارییەکان لووتکەی دۆستایەتی ھەولێر، تورکیا و ئازەربایجان لە چوارچێوەی ھەوڵە بەردەوامەکان بۆ فراوانکردنی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکان بەڕێوەدەچێت. ئامانجی سەرەکی ئەم کۆبوونەوەیە بەھێزکردنی ھاوکارییە لە بوارەکانی بازرگانی، لۆجستیک، گواستنەوە و دروستکردنی پەیوەندییە ڕاستەوخۆکان لەنێوان کەرتی تایبەتی ھەر سێ لایەنەکەیە.

ئەوەی بەردەست کەوتووە لە ئێستادا گفتوگۆ لە نێوان لایەنەکان هەیە بۆ دیارییکردنی وادەی لووتکەکە و تێیدا نزیکەی ٣٠٠ کەس لە بازرگانان، وەبەرھێنەران، نوێنەرانی کۆمپانیاکان و بەرپرسانی پەیوەندیدار لە ھەرێمی کوردستان، تورکیا و ئازەربایجان بەشدار دەبن.

ئازەربایجان لە ماوەی ڕابروودا ئارەزووی خۆی بۆ فراوانکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکانیان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان دەربڕیووە و ڕێکخستنی ئەم لووتکەیەش لەم چوارچێوەیەدایە، ھەروەھا گفتوگۆکان جەخت لەسەر کەرتی بەرھەمھێنان، پیشەسازی و ھاندانی وەبەرھێنانی بیانی دەکەنەوە بە مەبەستی دروستکردنی دەرفەتی نوێی کار.

بەرنامەی لووتکەکە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ ڕێکدەخرێت. ڕۆژی یەکەم تایبەت دەبێت بە دانیشتنە بازرگانییەکان، کۆبوونەوەی ھاوبەش و گفتوگۆ لەسەر دەرفەتە نوێیەکانی وەبەرھێنان و بازرگانی، بەڵام لە ڕۆژی دووەمدا شاندەکان سەردانی کارگە و کارخانەکانی ھەولێر، ھەروەھا ھەندێک لە شوێنە مێژوویی و گەشتیارییەکانی شار دەکەن، بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ئاشنا بن بە تواناکان و ژینگەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان ببینن.

چاوەڕوان دەکرێت ئەنجامەکانی ئەم کۆبوونەوەیە کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر بازاڕ، زیادبوونی ئاڵوگۆڕیی بازرگانی و ڕاکێشانی وەبەرھێنانی بیانی ھەبێت.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 155 Today: 2,495 📊 Click Here