لە سنووری شارەدێی بەرزنجە ئاگرکەوتەوە و بەهۆیەوە ڕووبەرێکی بەرفراوان لە ژینگەی ناوچەکە سووتا.
پۆلیسی دارستانی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، دوای ئاگادارکردنەوەیان لە بوونی ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوە لە سنووری گوندەکانی (چەمی گەڵاڵ، بیوەک، پەرخ، و چنارە)، دەستبەجێ مەفرەزەیەکی بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی بەرزنجە گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە. مەفرەزەکانی پۆلیس بە هاوکاری و بەشداریی دانیشتووانی ناوچەکە، توانیان دوای هەوڵێکی زۆر ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن و ڕێگری لە تەشەنەسەندنی زیاتری بکەن.
بەپێی ڕاپۆرتی سەرەتایی، بەهۆی ئاگرەکەوە نزیکەی 50 دۆنم لە پوش، پاوان و دارستانی سروشتیی ناوچەکە سووتاون و زیانیان بەرکەوتووە.
هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە تا ئێستا بە نادیاری ماوەتەوە، لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕایانگەیندووە کە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی ورد لەسەر ڕووداوەکە بەردەوامە بۆ دۆزینەوەی هۆکارەکەی.















Leave a Reply