زانایانی فەلەکناسی لە ماوەی یەک ڕۆژدا زنجیرەیەک لە تەقینەوەکانی تیشکی گاما (GRBs)یان بەدیکرد، کە بە بەهێزترین تەقینەوەکانی گەردوون دادەنرێن، بەجۆرێک ئەم دیاردەیە پێشتر وێنەی نەبووە و هیچ سیناریۆیەک ناتوانێت ڕوونی بکاتەوە، وەک چاودێرگەی باشووری ئەوروپا (ESO) ڕۆژی سێشەممە ٨/٩/٢٠٢٥لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند.
تەقینەوەکانی تیشکی گاما (GRBs) بڵێسەیەک لە تیشکی وزە بەرزن کە لەکاتی ڕووداوە زۆر توندوتیژەکاندا ڕوودەدەن، وەک خامۆشبوونی ئەستێرە زەبەلاحەکان لە تەقینەوە بەهێزەکاندا یان وێرانبوونیان لەلایەن کونی ڕەشەوە، کە بەزۆری لە چەند میلی چرکەیەکەوە تا چەند خولەکێک بەردەوام دەبن، کە لەو ماوەیەدا دەتوانن وزەیەک دەربکەن کە یەکسانە بە وزەی ملیارەها ملیار خۆر.
ئانتۆنیۆ مارتن کارلۆ، فەلەکناس لە زانکۆی کۆلێژی دبلن لە ئێرلەندا، لە بەیاننامەکەی ESOدا وتویەتی: “لە ڕووی تیۆرییەوە، تەقینەوەکانی تیشکی گاما هەرگیز دووبارە نابنەوە چونکە ئەو ڕووداوەی کە بەرهەمیان دەهێنێت وێرانکەرە”.
مارتن کارلۆ، کە بەشداری لە ئامادەکردنی توێژینەوەیەکدا کردووە دەربارەی ئەم بابەتە و لە گۆڤاری “زە ئاسترۆفيزيكال جۆرناڵ لیتەرز” بڵاوکراوەتەوە، ئاماژەی بەوەدا؛ ئەمە وادەکات ئەو ئاماژەیەی کە لەم هاوینەدا لەلایەن بازنە زانستییەکانەوە بەدیکراوە، “جیاواز بێت لە هەر ئاماژەیەکی تر کە لە ماوەی پەنجا ساڵی ڕابردوودا بەدی کرابێت”.
یەکەم ئاگادارکردنەوە لە دووی تەمموزی ڕابردوو لەلایەن تەلەسکۆپی بۆشایی فێرمی سەر بە ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئەمریکی (ناسا) درا، کە نەک تەنها یەک بڵێسە، بەڵکو سێ بڵێسەی لە هەمان سەرچاوەوە لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا بەدیکرد.
دواتر زانایان بۆیان دەرکەوت کە ئەم سەرچاوەیە نزیکەی یەک ڕۆژ پێشتر چالاک بووە، بە پشتبەستن بە داتاکانی کۆمەڵگەی ئاینشتاین، کە تەلەسکۆپێکی بۆشایی ئاسمانی تیشکی ئێکسە و لەلایەن چینەوە بە هاوکاری لەگەڵ ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئەوروپا و پەیمانگای ماکس پلانک بۆ فیزیای دەرەوەی زەوی کارپێدەکرێت.
لە سەرەتادا فەلەکناسان پێیان وابوو کە تەقینەوەی تیشکی گاما لەناو گەلەستێری ڕێگای کاکێشانەوە سەرچاوەی گرتووە.
بەڵام چاودێرییەکان کە بە بەکارهێنانی تەلەسکۆپی زۆر گەورەی VLT سەر بە ESO لە بیابانی ئاتاکاما لە چیلی ئەنجامدراون، بەڵگەیان دابینکرد کە سەرچاوەکە ڕەنگە لە گەلەستێرەیەکی ترەوە هاتبێت، کە ئەم گریمانەیە لەلایەن تەلەسکۆپی بۆشایی هابلەوە پشتڕاستکرایەوە.
ڕەنگە گەلەستێرەی خانەخوێ چەند ملیارەها ساڵی ڕووناکی دوور بێت، ئەمەش بە واتای ئەوە دێت کە هێزی ڕووداوەکە زۆر گەورە بووە.
سروشتی ئەو ڕووداوەی کە ئاماژەکەی دروست کردووە هێشتا نادیارە، یەکێک لە سیناریۆ ئەگەرییەکان داڕمانی نائاسایی ئەستێرەیەکی زۆر گەورەیە.
گریمانەیەکی تر ئەوەیە کە ئەستێرەیەکی نائاسایی لەلایەن کونێکی ڕەشەوە وێران کرابێت.
