هێرشێکی ئەلیکترۆنی چەند فڕۆکەخانەیەکی لە ئەوروپا کردە ئامانج و بووە هۆی هەڵوەشاندنەوە و دواخستنی گەشتەکان.
شەوی هەینی فڕۆکەخانەی بڕۆکسل ڕووبەڕووی هێرشێکی ئەلیکترۆنی گەورە بووەوە، کە کاریگەری لەسەر سیستمەکانی تۆمارکردنی سەرنشین و چوونە ناو فڕۆکەکان (check-in and boarding) دروست کرد.
بەپێی بەڕێوەبەرایەتی فڕۆکەخانەکە، کاتەکانی گەشتەکان دواکەوتنێکی بەرچاویان بەخۆوە بینی.
بەڕێوەبەرایەتییەکە دانی بەوەدا نا، ڕووداوەکە ناچار کاریگەری لەسەر خشتەی گەشتەکان دەبێت، و دەبێتە هۆی دواخستن، تەنانەت هەڵوەشاندنەوەیان.
فڕۆکەخانەکە لە ماڵپەڕی فەرمی خۆیدا ڕایگەیاند: “پێشکەشکاری خزمەتگوزاریی سیستمەکانی تۆمارکردنی سەرنشین و چوونە ناو فڕۆکەکان شەوی هەینی ڕووبەڕووی هێرشێک بووەتەوە”.
پێشبینی دەکرێت ئەمە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر کارەکانی فڕۆکەوانی هەبێت، چونکە چەندین فڕۆکەخانەی ئەوروپی کاریگەرییان لەسەر دروست بووە.
بڕۆکسل ڕایگەیاند؛ لە ئێستادا تەنها تۆمارکردنی سەرنشین و چوونە ناو فڕۆکەکان بە شێوەی دەستی بەردەستە بەهۆی هێرشەکەوە.
پێشکەشکاری خزمەتگوزارییەکە هەوڵدەدات کێشەکە لە زووترین کاتدا چارەسەر بکات، دواکەوتن و هەڵوەشاندنەوەی گەشتەکان تۆمار دەکرێن.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتبوو: “پێویستە گەشتیاران پێش گەیشتنیان، بارودۆخی گەشتەکانیان لەگەڵ کۆمپانیای فڕۆکەوانییەکەدا بپشکنن، و کاتی پێویست لە فڕۆکەخانەدا تەرخان بکەن”.
فڕۆکەخانەی لەندەن هیثڕۆش ڕایگەیاند؛ ڕەنگە دواکەوتن هەبێت، بەڵام تەنها ئاماژەی بەوەدا کە پێشکەشکارێکی دەرەکی بۆ سیستمەکانی تۆمارکردنی سەرنشین و چوونە ناو فڕۆکەکان بۆ چەندین کۆمپانیای فڕۆکەوانی ڕووبەڕووی کێشەیەکی تەکنیکی بووەتەوەو کار بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە لە زووترین کاتدا دەکرێت.
هێشتا ڕوون نییە کام لەفڕۆکەخانەکانی تر کاریگەرییان لەسەر دروست بووە. فڕۆکەخانەکانی زیوریخ و بازل تا ئێستا هیچ سنووردارکردنێکیان ڕانەگەیاندووە.
