قەڵەوی لە پارێزگای سنە زیادی کردووە

سەیرکراوە: (975)

جێگری سەرۆکی زانکۆی پزیشکیی کوردستان بۆ کاروباری تەندروستی ڕایگەیاند: نزیکەی ٥١٪ی کەسانی سەرووی ١٨ ساڵ لە ئێراندا بێبەشن لە چالاکیی جەستەیی پێویست (کەم جووڵە)، کە ئەم ڕێژەیە لە پارێزگای سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا نزیکەی ٤١٪ە.

دکتۆر خالید ڕەحمانی، جێگری سەرۆکی زانکۆی پزیشکیی کوردستان ڕایگەیاند، وەرزشی گونجاو ڕۆڵێکی سەرەکی هەیە لە کەمکردنەوەی ئەگەری تووشبوون بە قەڵەوی و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، و وتی: “مەبەست لە وەرزشی گونجاو، ئەنجامدانی وەرزشە بە لایەنی کەمەوە پێنج ڕۆژ لە هەفتەیەکدا و هەر جارێک بۆ ماوەی ٣٠ خولەک بە توندییەکی مامناوەند، وەک ڕۆیشتنی خێرا (پیاسەی خێرا) یان پاسکیلسواری.”

ئەوەشی خستەڕوو کە بەپێی توێژینەوەیەک کە ساڵی ٢٠٢١ لەسەر ئاستی ئێراندا ئەنجامدراوە، نزیکەی ٣٢٪ی کەسانی سەرووی ١٨ ساڵ تووشی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن بوون، کە ئەم ڕێژەیە لە سنەدا ٣٤.٥٪ە؛ هەر بەپێی هەمان توێژینەوە ٢٥٪ی کەسانی سەرووی ١٨ ساڵ لە ئێراندا و ٣٠٪ لە پارێزگاکەدا بەدەست قەڵەوییەوە دەناڵێنن.

جێگری کاروباری تەندروستی زانکۆی پزیشکیی کوردستان لە درێژەی لێدوانکەیدا ڕایگەیاند، “هۆکاری جیاواز لەوانە: مێژووی خێزانیی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، خواردنی زۆری خوێ و چەورییە تێرەکان، کەم خواردنی میوە و سەوزە، کەمیی چالاکیی جەستەیی، و جگەرە و نێرگەلە، کاریگەرییان هەیە لەسەر زیادبوونی ئەگەری قەڵەوی.”

دکتۆر ڕەحمانی ڕوونیکردەوە، “ئەگەر بەرنامەیەکی ڕێکوپێکمان بۆ وەرزشکردن و خۆراکی تەندروست هەبێت، یارمەتیدرێکی گەورە دەبێت بۆ کەمکردنەوەی ئەگەری تووشبوون بە بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و قەڵەوی؛ لە پاڵ ئەوەشدا کۆنترۆڵکردنی دڵەڕاوکێ و سترێس، دوورکەوتنەوە لە کێشانی جگەرە و هەوڵدان بۆ وازهێنان لێی و نەخواردنەوەی کحول زۆر بەسوود دەبن.”

ناوبراو بە ئاماژەدان بەوەی کە لە ناوەندە تەندروستییەکاندا بەرنامەی “هەڵسەنگاندنی مەترسیی نەخۆشییەکانی دڵ و دەمار” لە حاڵی جێبەجێکردندایە، وتی: “لەم بەرنامەیەدا دۆخی پەستانی خوێن، قەڵەوی، شەکرەی خوێن و چەوریی خوێن دەپێورێت و ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و دەمار بۆ ماوەی ١٠ ساڵی داهاتوو دیاری دەکرێت، بەپێی ئەوەش ڕێنمایی و ڕێکاری پێویست دەگیرێتەبەر؛ بۆیە داوا لە کەسانی سەرووی ٣٠ ساڵ دەکرێت سەردانی ئەم ناوەندانە بکەن.”

هەروەها ئاماژەی بەوەشدا کە ساڵی ڕابردوو لە چوارچێوەی بەرنامەی هەڵسەنگاندنی مەترسیدا، ٢٢١ هەزار و ٩٣٧ کەس پشکنییانیان بۆ کراوە، کە تێیدا ٦ هەزار و ٥٠٨ کەسی تووشبوو بە بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و هەزار و ٨٦٣ کەسی تووشبوو بە شەکرە ناسراون و دەستنیشانکراون.

جێی ئاماژەیە ژمارەی دانیشتووانی پارێزگای کوردستان زیاتر لە یەک ملیۆن و ٦٠٣ هەزار کەسە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 32 Today: 40 📊 Click Here