“فریای هەوای کوردستان بکەون پێش ئەوەی قەیرانەکە بگاتە ئاستی مەترسیدار”

سەیرکراوە: (26)

ڕێکخراویکی ژینگەیی ڕیدەگەینیت کە زۆریی ژمارەی ئۆتۆمبێل لە هەرێمی کوردستان بووەتە هۆکاری سەرەکی پیسکردنی هەوا و داوا دەکرێت هەنگاوی بەپەلە بنرێت “پێش ئەوەی قەیرانەکە بگاتە ئاستێکی نەخوازراو”.

ئەمڕۆ دووشەممە، ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە لە ڕۆژی جیهانیی “هەوای پاک لەپێناو پاراستنی ئاسمانی شیندا” ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: ” عێراق لە ڕووی کارایی و پاراستنی ژینگەوە لە کۆی ١٧٧ وڵاتی جیهاندا لە ڕیزبەندی ١٦٦ دایە، ئەمەش پیشان دەدات کە دۆخی ژینگەیی وڵاتەکە لە دۆخێکی مەترسیدار و نزیک لە کۆتایی ڕیزبەندییەکەدایە، کە هەرێمی کوردستانیش بەدەر نیە لەو کێشە ژینگەییانە”.

جەختی کردەوە لە پێویستیی هەنگاوی بەپەلە و هاوبەشی نێوان حکوومەت، ڕێکخراوەکان و هاوڵاتیان دەکەینەوە بۆ گواستنەوە بەرەو سەرچاوەکانی تیشک و هەوای خاوێن، بەهێزکردنی چاودێریکردنی کوالێتیی هەوا و پاراستنی پانتاییە سەوزەکان پێش ئەوەی قەیرانەکە بگاتە ئاستێکی نەخوازراو.

ئەمەش دەقی ڕاگەیەندراوەکەیە؛

٧ی ئەیلول، ڕۆژی جیهانیی هەوای پاک لەپێناو ئاسمانی شیندا

لە کاتێکدا جیهان یادی ڕۆژی جیهانیی هەوای پاک دەکاتەوە، ژینگە و هەوای عێراق و هەرێمی کوردستان بە دۆخێکی مەترسیدار و هەستیاردا تێدەپەڕن، بەپێی دواین ئامار و پێوەرە جیهانییەکان، کێشەی پیسبوونی هەوا بووەتە یەکێک لە گەورەترین هەڕەشەکان بۆ سەر تەندروستیی گشتی و هاوسەنگیی سروشت، بە جۆرێک کە عێراق و ناوچەکە ڕووبەڕووی ئاستەنگە قورسترینەکانی گۆڕانی کەشوهەوا بوونەتەوە.

عێراق لە ڕووی کارایی و پاراستنی ژینگەوە لە کۆی ١٧٧ وڵاتی جیهاندا لە ڕیزبەندی ١٦٦ دایە، ئەمەش پیشان دەدات کە دۆخی ژینگەیی وڵاتەکە لە دۆخێکی مەترسیدار و نزیک لە کۆتایی ڕیزبەندییەکەدایە، کە هەرێمی کوردستانیش بەدەر نیە لەو کێشە ژینگەییانە.

نهتهوه یهکگرتووهکان لهساڵی ٢٠١٩ وه بڕیاری دا که رۆژی ٧ ی ئەیلولی ههموو ساڵێک وهک رۆژی جیهانیی ههوای پاک بۆ ئاسمانی شین بناسێنێت، بۆ یهکهم جاریش لهساڵی ٢٠٢٠ ئهم رۆژه جیهانییه یاد کرایهوه.

وەک ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە، لەسەر بنەمای بەرپرسیارێتیی نیشتمانی و مرۆیی، هۆکارە سەرەکییەکانی تێکچوون و پیسبوونی ژینگە و هەوا لە کوردستان و عێراقدا لەگەڵ خستنەڕووی داتا و ئامارە مەترسیدارەکان دەستنیشان دەکەین کە بریتیین لە:

پاڵاوگە نایاساییەکان

لە ڕابردوودا بوونی (١٣٨) پاڵاوگەی نایاسایی لە هەولێر و بەشێک لە پارێزگاکانی تر، کە بەبێ مەرجی ژینگەیی کاریان دەکرد، ڕۆژانە بڕێکی زۆر لە گازە ژەهراوییەکان بڵاو دەکردەوە، کە زۆرینەیان لە نزیک شارەکان بوون.

کەرتی گواستنەوە و سووتەمەنی

بوونی زیاتر لە (٢ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار) ئۆتۆمبێلی ژمارەی هەرێم، هاوکات لەگەڵ سووتاندنی (٥ بۆ ٦ ملیۆن) لیتر یان تەن سووتەمەنی، کە ڕۆڵێکی سەرەکییان لە پیسکردنی هەوادا هەیە.

مۆلیدە ئەهلییەکان

بوونی (٧ هەزار) مۆلیدەی ئەهلی بۆ بەرهەمهێنانی کارەبای ماڵان، ئەمەش سەرەڕای بوونی مۆلیدەی هۆتێل، بازاڕ، شوێنە گشتییەکان، فەرمانگە حکومییەکان و پڕۆژە بازرگانییەکان، کە بەشێکی زۆریان بەبێ بەستنی فلتەری پێشکەوتوو دووکەڵ و ژاوەژاوێکی زۆر بڵاو دەکەنەوە.

پاشماوە و خاشاک

بەرهەمهێنانی بڕێکی زۆر لە پاشماوە کە تەنها لە ڕۆژێکدا دەگاتە نزیکەی (٧ هەزار) تۆن پاشماوە، و فڕێدان و سووتاندنی هەڕەمەکییان لە زبڵخانەکاندا کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ژەهراویبوونی هەوا هەیە.

کارگەکان و چیمەنتۆسازی

کەمتەرخەمیی بەشێک لە کارگەکانی چیمەنتۆ و خشت و ئاسنگەری لە جێبەجێکردنی ڕێوشوێنە ژینگەیییەکان و پاککەرەوەی دووکەڵ.

کەمیی ڕووبەری سەوزایی و بڕینەوەی دارستانەکان

لەناوچوونی ڕووبەرێکی بەرفراوانی درەخت و پشتبەستن بە نەخشەی کۆنکریت و کاولکردنی کێڵگە و دارستانەکان، سەرەڕای دیاردەی وشکەساڵی و بەبیابانبوون.

لەسەر بنەمای ئەم مەترسییانە، ئێمە لە ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە، جەخت لەسەر پێویستیی هەنگاوی بەپەلە و هاوبەشی نێوان حکوومەت، ڕێکخراوەکان و هاوڵاتیان دەکەینەوە بۆ گواستنەوە بەرەو سەرچاوەکانی تیشک و هەوای خاوێن، بەهێزکردنی چاودێریکردنی کوالێتیی هەوا، و پاراستنی پانتاییە سەوزەکان پێش ئەوەی قەیرانەکە بگاتە ئاستێکی نەخوازراو.

ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە

۷ی / ئەیلول / ٢٠٢٦

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 199 Today: 2,543 📊 Click Here