دوای ئەوەی لە شاری هەولێر، مامۆستا سۆران عەبدولکەریم چێشتخانەیەکی کردەوە، دەنگۆی ئەوە بڵاو کرایەوە کە تێچووی کردنەوە و ئامادەکارییەکانی بڕی 500 ههزار دۆلاری تێچووە، بەڵام لە ڕوونکردنەوەیەکدا هەموو ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە.
مامۆستا سۆران عەبدولکەریم، مامۆستا و بانگخوازی ئایینی، ڕوونکردنەوەیەکی بڵاو کردەوە و تەواوی ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە باس لە کردنەوەی چێشتخانەیەک بە بڕی 500 هەزار دۆلار دەکەن و دەڵێت: ئەو بانگەشانە دوورن لە ڕاستی و تەنیا بۆ مەبەستی ناوزڕاندن و شکاندنی کەسایەتیی ئەو بڵاو دەکرێنەوە.
بەپێی ڕوونکردنەوەکە، پڕۆژەی (کۆمەڵگای خان و مان) و (چێشتخانەی نان و نمەک) لە ڕێککەوتی 27-2-2026 بە هاوبەشی لەگەڵ 3 کەسی تر و بە تێچووی 150 هەزار دۆلار دروست کراوە، نەک ئەو بڕە خەیاڵییەی لە ناو خەڵکدا باس دەکرێت.
مامۆستا سۆران ڕایگەیاندووەك کە ئەو هاوبەشانەی، کەسانی کاسبکارن و تەنانەت یەکێکیان بۆ دابینکردنی سەرمایەی پڕۆژەکە، خانوو و ئۆتۆمبێلی خۆی فرۆشتووە و ئێستا لە خانووی کرێدا دەژیت.
مامۆستا سۆران عەبدولکەریم جەختی لەوە کردەوە، کە مامۆستایە لەسەر میلاکی وەزارەتی پەروەردە و بەهۆی کەمیی مووچە و بژێوی ژیان و تێچووی دەرمان و دکتۆر، بڕیاری داوە دەست بداتە کاسبی تا موحتاجی دەستی کەس نەبێت.
ئاماژەی بەوە دا، پیشەی مامۆستای ئایینی نابێت ڕێگر بێت لەوەی کەسەکە بە عارەقی ناوچەوانی خۆی بژێویی ژیانی دابین بکات و عیزەتی نەفسی خۆی بپارێزێت.
مامۆستا سۆران عەبدولکەریم پێشتر بەهۆی نەخۆشییەوە بۆ ماوەیەک دەنگی لەدەست دابوو و لە ئێستادا لە قۆناغی چاکبوونەوەدایە، بۆیە داوای لە هاووڵاتییان کرد وەک کاسبکارێکی ئاسایی سەیری بکەن نەک وەک بەرپرس یان بازرگانێکی گەورە.















Leave a Reply