سیستەمێک کە لە هیچ شوێنێک خزمەتگوزاری پێشکەش ناکات

سەیرکراوە: (1.6K)

تەحسین حوسێن موستەفا

بینای گەورە و دروشمی بریقەدار هەرگیز ناتوانن ئازاری ئەو نەخۆشانە بشارنەوە کە لەسەر کورسییەکانی چاوەڕوانیی نەخۆشخانە حکومییەکاندا گیان لەدەست دەدەن! لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا، سیستەمی تەندروستی و حوکمڕانی بوونەتە دوو دیوی یەک دراو؛ هەردوکیان لەسەر بنەمای تاڵانکاری و نادادپەروەری دروست بوون و هەردووکیشیان شکستیان هێناوە لە پاراستنی ژیانی هاووڵاتییان. کاتێک وڵاتێک ساڵانە ملیاران دۆلار داهاتی نەوتی هەبێت، بەڵام هاووڵاتییەکەی بۆ کڕینی دەرمانێکی سادە یان ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەک ناچار بێت ماڵ و حاڵی خۆی بفرۆشێت و ڕوو لە کەرتی تایبەت یان وڵاتانی دراوسێ بکات ، ئەمە پێی ناوترێت “قەیرانی تەندروستی”، بەڵکو ڕێک پێی دەوترێت “جینۆسایدێکی بێدەنگ” کە بە سپۆنسەری دەسەڵاتداران بەڕێوە دەچێت!

بەهێزترین کەس هەرگیز هێندە بەهێز نییە کە تا هەتایە سەردار بێت، مەگەر ئەوەی هێزەکەی بگۆڕێت بۆ ماف و، ملکەچیکردنی خەڵکیش بگۆڕێت بۆ ئەرک. بەڵام ئەم مافیایانەی کە لە بەغدا و هەولێر حوکم دەکەن، هێزەکانیان نەگۆڕی بۆ مافی چارەسەرکردن و پاراستنی ژیانی خەڵک، بەڵکو گۆڕییان بۆ قۆرخکردنی کەرتی دەرمان و دروستکردنی نەخۆشخانەی ئەهلیی سەر بە حیزب! ئەوان بە ئەنقەست کەرتی گشتییان ئیفلیج کردووە تا نەخۆشخانە تایبەتەکانی خۆیان پڕ بکەن لە پارەی گیرفانی هەژاران. کاتێک لە عێراقدا نەخۆشخانەکان دەسوتێن و دەیان نەخۆش دەبنە خەڵووز ، یان لە کوردستان دەرمانی ماوەبەسەرچوو دەدرێتە تووشبووانی شێرپەنجە، ئەوانەی لەسەر کورسییەکان پاڵیان داوەتەوە تەنها بەیاننامەی “نیگەرانی” دەردەکەن، لە کاتێکدا خۆیان و خێزانەکانیان بۆ بچووکترین پشکنین دەچنە ئەورووپا!

ئەمە ئەو عەقڵیەتە چەتەگەرییەیە کە حوکمی وڵات دەکات؛ عەقڵیەتێک کە ئامادەیە بودجەی زەبەلاح بۆ کڕینی چەک و گەورەکردنی سوپای میلیشیاکان و دەزگا ئەمنییەکان تەرخان بکات، بەڵام ئامادە نییە پارەی پێویست بۆ دابینکردنی ئامێرێکی شێرپەنجە یان مووچەی پزیشکێک خەرج بکات. (سۆلۆنی یۆنانی دەڵێت: یاساکان ڕێک وەک تەونی جاڵجاڵۆکەن؛ مێشوولە و زیندەوەرە لاوازەکان دەگرن، بەڵام زیندەوەرە گەورە و بەهێزەکان دەیپسێنن و دەرباز دەبن.”) ئەمڕۆش مافیاکانی دەرمان و بەرپرسە گەندەڵەکان ڕۆژانە تەونی یاسا دەپسێنن و ملیۆنان دۆلار لە گرێبەستە تەندروستییەکاندا دەدزن بێ ئەوەی لێپرسینەوەیان لێ بکرێت، بەڵام ئەگەر پزیشکێک یان نەخۆشێک هاوار بکات و ڕەخنە بگرێت، یەکسەر بە زەبری هێز دەنگی دەخنکێنرێت.

بەڵام ئایا کۆمەڵگەیەک تا کەی دەتوانێت بەرگەی ئەم مەرگە هێواشە بگرێت؟ ئەی ئەو زۆرینە بێدەنگەی کە ڕۆژانە لە ڕێڕەوی نەخۆشخانەکاندا کەرامەتتان دەشکێنرێت و باجی گەندەڵیی ئەم دەسەڵاتە دەدەن؛ ئیتر کاتی ئەوەیە ئەو توڕەییە بکەنە کردار! سیستەمێک کە بازرگانی بە ئازار و نەخۆشییەکانی گەلەکەیەوە بکات و نەتوانێت بچووکترین خزمەتگوزاری پێشکەش بکات، سیستەمێکی مردووە و تەنها چاوەڕێی پاڵنانی ئێوەیە بۆ ئەوەی بکەوێتە ناو زبڵدانی مێژووەوە!

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 151 Today: 1,691 📊 Click Here