میدیای یەکگرتوو بڵاویکردەوە کە فراکسیۆنی حزبەکەیان لە پەرلەمانی عێراق بەمەبەستی دۆزینەوەی چارەسەرێکی خێرا بۆ گرانی نرخی سووتەمەنی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وەزارەتی نەوتی فیدراڵ کۆبوونەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، شاندێکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە بەغدا سەردانی وەزارەتی نەوتی عێراقیان کرد و لەگەڵ هەریەک لە عیزەت سابیر، بریکاری وەزارەتی نەوت و حسێن خەرسان، بەڕێوەبەری گشتی دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان کۆبوونەوە.
میدیای یەکگرتوو بڵاویکردەوە کە تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە تەرخان کرابوو بۆ تاوتوێکردنی ڕێکاری گونجاو و داڕشتنی پلانێکی خێرا بۆ هەرزانکردنی نرخی سووتەمەنی لە هەرێمی کوردستان.
“فراکسیۆنی یەکگرتوو داوای کرد وەزارەتی نەوت هەنگاوی کردەیی بنێت بۆ کەمکردنەوەی ئەو بارگرانییە داراییەی کە بەهۆی گرانی سووتەمەنییەوە کەوتووەتە سەر شانی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان”.
لە دیدارەکەدا، عیزەت سابیر، بریکاری وەزارەتی نەوت، “ئامادەیی تەواوی وەزارەتەکەی نیشاندا بۆ گرتنەبەری هەر هەنگاوێک کە ببێتە هۆی سوککردنی باری گوزەرانی خەڵک و دابەزاندنی نرخەکان”.
فراکسیۆنی یەکگرتوو دووپاتی کردەوە کە هەوڵەکانیان بەردەوام دەبن و بە وردی بەدواداچوون بۆ ئەم پرسە دەکەن تا گەیشتن بە ئەنجامی کۆتایی و هەرزانکردنی نرخەکان لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا.















Leave a Reply