وەزارەتی دارایی عێراق 831 ملیار و 666 ملیۆن دیناری بۆ مووچەی مانگی ئابی فەرمانبەران خستە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی.
ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، 831 ملیار و 666 ملیۆن دینار، وەک پارەی مووچەی مانگی ئابی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.
وەزارەتی دارایی دەڵێت: “هاوشێوەی چەند مانگی ڕابردوو وەزارەتی دارایی فیدراڵ بڕی 120 ملیار دیناری وەک پشکی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی هەرێم بۆ مانگی ئاب لە کۆی پارەی مووچە بڕیوە”.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە جگە لە 120 ملیارەکە، بەغدا بڕی 6 ملیار و 30 ملیۆن و 166 هەزار و 545 دیناری لە پارەی مووچەی مانگی ئاب نەناردووە کە بریتییە لە شایستەی مووچەی مانگەکانی ڕابردووی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی.
وەزارەتی دارایی ڕاشیگەیاند، دوای تەواوکردنی ڕێکارەکان و وەرگرتنی پارەکە بەشێوەی کاش لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق ڕاستەوخۆ لیستی مووچە بڵاو دەکرێتەوەو لە نزیکترین کاتدا دەست بەدابەشکردنی مووچەی مانگی ئاب دەکرێت.














Leave a Reply