مە ريوان قادر حسن
لە دیمەنی سیاسیی عێراقدا، هیچ دروشمێک هێندەی “شەڕکردن لە دژی گەندەڵی” دووبارە نەبۆتەوە؛ هەموو حکومەتێکی نوێ کە دێتە سەر کار، بە مانیفێستۆیەکی تۆکمەوە ڕایدەگەیەنێت کە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە پێشینەی کارەکانی دەبێت، بڕیاری پێكهێنانی دەستەی نوێی نزیک لە سەرۆکوەزیران دەردەکات، بەڵێنی لێپرسینەوەی بێبەزەییانە دەدات، و لێکۆڵینەوە و گەڕان لە بەهەدەردانی سەرمایە دەست پێ دەکات. کەچی کاتێک فلاشەکانی ڕاگەیاندن دەکوژێنەوە و تۆزی مانۆڕە سیاسییەکان دەنیشێتەوە، هاووڵاتییان بە سەرسوڕمانەوە دەبینن کە کەسایەتییە جێناکۆکەکان و تۆمەتبارانی پێشوو، نەەک تەنیا ڕووبەڕووی دادگا ناكرێنەوە، بەڵکو بە بێشەرمییەوە لە پۆستە باڵا ئیداری، ئەمنی و ئابوورییەکاندا پلەیان بەرز دەکرێتەوە و دەستکەوتی نوێیان دەدرێتێ! لێرەدا پرسیاری جەوهەری ئەوەیە: ئایا مەحسوبییەت، وەفاداریی حیزبی، پەیوەندییە تایبەتەکان و سیستەمی پشکپشکێنەی مەزهەبی و قومی (موحاسەسە)، بەتەواوەتی چەمکی شەڕی گەندەڵی لە ناوەڕۆک داماڵیوە؟ لەم واقیبە تاڵ و پێکەنیناوییەدا، مرۆڤ ناچارە بڵێت: “لە عێراقدا، گەندەڵی و دەستبڕین هەمیشە دەستگیر ناکرێت…
هەندێک جار پلەکەی بەرز دەکرێتەوە!” ئەم دۆخە نامۆیە نیشانەی ئەوەیە کە دامەزراوەکانی لێپرسینەوە ناکارامەن چونکە لەبری ئەوەی ببنە ئامرازێک بۆ دادپەروەری، کراونەتە شوێنی پاککردنەوەی هەڵەکانی سیاسییەکان و سزادانی ڕکابەرە بێپشت و پەناکان. کاتێک بەکارهێنانی دەسەڵات و پەیوەندییە سیاسییەکان دەتوانێت گەورەترین تۆمەتبارانی گەندەڵی لە سزادان بپارێزێت و بە پێشوازییەوە بەیانی بەرزکردنەوەی پلەیان بۆ دەربکات، ئیتر هیچ لێدوانێکی فەرمی ناتوانێت جەماوەر بڕواپێبکات. لە کۆتاییدا، ئەم بنەما نەگۆڕە خۆی دەسەپێنێت: ناتوانرێت بە جددی و بە ڕاستگۆیی شەڕی گەندەڵی بوبکرێت لە کاتێکدا هەمان سیستەمی سیاسی دەپارێزرێت کە تێیدا حیزب، باڵدەستیی ناوچەیی و پەیوەندییە تایبەتەکان وەک پەناگەیەکی سەلامەت و هەمیشەیی خەڵک لە لێپرسینەوە و سەروەریی یاسا دەپارێزن.















Leave a Reply