شاخەوان عەلی – ڕۆژنامەنووس
ئایا ئۆپۆزسیۆنی ڕاستەقینە لە ئارادایە؟پرسە گەورەکەی ئەمڕۆ ئەوەیە: بۆچی دەنگی ئۆپۆزسیۆن لە کاتی قەیرانەکاندا بێدەنگە؟ بۆچی ئەوەی پێویستە دەنگی خەڵک بێت، لە خەڵک دوور کەوتووەتەوە؟ پێم وایە، حزبەکانی دەرەوەی دەسەڵات بە تەواوی بێدەنگ کراون. دەسەڵات بە جێبەجێکردنی داواکارییەکانی بەرپرسانی ئەو حزبانە، هەوڵ دەدات دەنگی ناڕەزایەتیی خەڵک بکوژێنێتەوە و لە هەمان کاتدا قەیران لەسەر قەیران بۆ هاوڵاتیان دروست بکات. خەڵک پێویستی بەو حزبە بەناو ئۆپۆزسیۆنانە نییە، بەڵام پێویستی بە ئۆپۆزسیۆنێکی ڕاستەقینە هەیە کە بتوانێت فشار لەسەر دەسەڵات دروست بکات.
لەم بارودۆخەدا، پێویست بوو لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن کۆببنەوە و هاوئاهەنگی دروست بکەن بۆ دروستکردنی فشارێکی سیاسی و گۆڕینی ئەم بارودۆخە؛ کەچی بەداخەوە نابینین تەنانەت دوو حزبیش پێکەوە کۆببنەوە و هەڵوێستێکی هاوبەش بگرن. ئەمەش پرسیارێکی جدی دروست دەکات: ئەگەر لە کاتی ئەم هەموو قەیران و فشارەدا نەتوانن پێکەوە کۆببنەوە، ئەی کەی و بۆچی دەبنە ئۆپۆزسیۆن؟
بەڕاستی، ئەم هەڵوێست و بێدەنگییە خەڵکی تەواو بێهیوا کردووە. هیوادارم لە هەڵبژاردنی داهاتوودا ئەنجامەکەیان لە هەموو جارێک ڕوونتر بێت و خەڵکی ناڕازی بە دەنگ و هەڵوێستی مەدەنی فشارێکی نوێ دروست بکەن؛ بۆ ئەوەی ئەو حزب و بەرپرسانەی وەڵامی داواکارییەکانی خەڵک نادەن، لە ڕێگەی دەنگی خەڵکەوە لە گۆڕەپانی سیاسی دوور بخرێنەوە. چونکە خەڵک چیتر نایەوێت لەگەڵ دەسەڵاتدا، ئۆپۆزسیۆنیش ببێتە بەشێک لە هەمان کێشە لە ژیانی سیاسییاندا.















Leave a Reply