بەهۆی خۆڵبارینەوە لە هەولێر 23 و لە سلێمانی 44 كەس ڕەوانەی نەخۆشخانە كران

سەیرکراوە: (1.6K)

نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ڕۆژئاوای هەولێر ئاشكرای دەكات، بەهۆی خۆڵبارینەوە 23 كەس تووشی حاڵەتی کتوپڕ بوون و هاتوونەتە نەخۆشخانە.

نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ڕۆژئاوای هەولێر بڵاویكردەوە، “لە دوێنێوە تا کاتژمێر 2:00ی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە هەردوو بەشەکانی پیشوازی و راوێژکاری نەخۆشخانەکەی هەولێر 23 حاڵەتی کتوپڕ، بەهۆی خۆڵبارینەوە تۆمارکراوە”.

ڕاشیگەیاندووە، “بەپێی رێنماییە تەندروستییەکان، لە كاتی خۆڵباریندا پێویستە لەسەر هاووڵاتییان رێگەكانی خۆپارێزی بەكاربهێنن وەك دووركەوتنەوە لە شوێنی خۆڵبارین، راگرتنی سەفرە و بەكارهێنانی رێگەوبانەكانی دەرەوە، داخستنی دەرگا و پەنجەرەكان و لە كاتی چوونە دەرەوەدا بەكارهێنانی دەمامك، دووركەوتنەوە لە وەرزش كردن، زۆر خواردنەوەی شلەمەنی و خواردنی میوە و سەوزە بەبەردەوامی”.

دەشڵێت: “ئەو کەسانەی نەخۆشی ڕەبۆیان هەیە بە هیچ شێوەیەک نابێت بێنە دەرەوە لە ماڵەکانیان”.

سامان شێخ لەتیف، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی راگەیاند: بەهۆى کاریگەرییەکانى خۆڵبارین لەسەر تەندروستى هاووڵاتییان بە پێى دواین ئامار 44 کەس سەردانى نەخۆشخانەیان کردووە و 9 کەسیان بە مەبەستى وەرگرتنى چارەسەر لە نەخۆشخانە ماونەتەوە.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە هەر بەهۆی ئەو خۆڵبارینەوە لە كەركوكیش ژمارەیەك هاووڵاتی ڕەوانەی نەخۆشخانە كراون.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 165 Today: 1,355 📊 Click Here